کۆمیسیۆنی منداڵانی دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان، ڕەخنەی توندی لە هەنگاوەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا گرت کە خوێندنگەکان دەکاتە زیندانی نیمچە کراوە و سەربازگە.
دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری جێگیرکردنی پۆلیس، پاسەوانی شەو و جەردەوان (گوندپارێز) لە 75 هەزار خوێندنگە، هاوکات دانانی ئامێری پشکنینی تیشکیی و دەرگای ئەلیکترۆنی، نیشانەی عەقڵییەتێکی دوور لە بنەماکانی پەروەردە و دیموکراسییە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتیدا هاتووە، توندوتیژیی لە ناو خوێندنگەکان تەنیا کێشەیەکی ئەمنیی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و جیاکارییە. داوایکردووە، پسپۆڕی دەروونی، توێژەری کۆمەڵایەتی و پزیشک بۆ هەر قوتابخانەیەک دابین بکرێت.
دەم پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، لە بری لیژنەی تەمبێکردن، پێویستە بۆ هەر خوێندنگەیەک ئەنجومەنی منداڵان و سیستمی ناوبژیوانی هاوتەمەنەکان دابمەزرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پێویستە لانیکەم یەک ژەمە خۆراکی بێ بەرانبەر و تەندروست بۆ هەموو منداڵان دابین بکرێت. داواشی کردووە، وەزارەتێکی سەربەخۆ بۆ منداڵان دابمەزرێت، کە کار لە سەر کێشەکانیان بکات.