وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری هەناردەی نەوتی بۆ مانگی نیسان ئاشکرا کرد، کە بەراورد بە مانگی ئازار، هەناردە و داهاتی نەوت بۆ نزیکەی نیوە دابەزیوە.
بە گوێرەی ئامارەکە، عێراق له مانگی نیساندا بڕی 9 ملیۆن و 884 هەزار و 130 بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، کە داهاتەکەی ملیارێک و 87 ملیۆن و 82 هەزار دۆلار بووە. لهو بڕەش 339 هەزار و 64 بەرمیل نەوت له کێڵگەکانی باشووری کوردستانەوە له ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوه هەناردە کراوە.
ئەم دابەزینە له کاتێکدایه که عێراق له مانگی ئازاری ئەمساڵدا 18 ملیۆن و 604 هەزار و 951 بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەکەی یەک ملیار و 957 ملیۆن و 121 هەزار دۆلار بووە.
هەناردەی نەوت له کێڵگەکانی باشووری کوردستانیشەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، به جۆرێک که له مانگی ئازاردا بڕی یەک ملیۆن و 271 هەزار و 200 بەرمیل نەوت هەناردە کرابوو.