ڕاستەوخۆ

چین و ڕوسیا پەیوەندییەکانیان دەبەنە قۆناغێکی نوێی مێژووییەوە؛ 40 ڕێککەوتنی ستراتیژی واژۆ دەکەن

reset font size increase font size

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسەکانی (تاس) و (ریا نۆڤۆستی)، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا لە سەردانێکی فەرمیدا، کە لە 19بۆ 20ی ئەم مانگە ئەنجامی دەدات، لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆدەبێتەوە.

پوتین له گوتارێکدا ڕایگەیاند، پەیوەندییە دۆستانەکانیان یارمەتیدەرە بۆ جێبەجێکردنی پلانە گەورەکانی ئایندە و هەردوو وڵات بە متمانەوە دەڕواننە گەشەپێدانی سیاسی، ئابووری و بەرگری. هەروەها شین جین پینگی وەک "هاوڕێیەکی دێرین" ناو برد و جەختی کردەوە که ڕوسیا و چین ئامادەن له پاراستنی سەروەریی وڵاتەکانیان پشتگیریی یەکتر بکەن.

یوری ئوشاکۆڤ، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی کرێملین ڕایگەیاند، پوتین ئێوارەی 19ی مانگ دەگاتە پەکین و لەلایەن وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چینەوە پێشوازی لێ دەکرێت، پاشان دەچێتە میوانخانەی دەوڵەتی دیائۆیووتای. بەیانیی ڕۆژی دواتر، پوتین بەشداری لە ڕێوڕەسمێکی پێشوازیدا دەکات، کە لە گۆڕەپانی تیانانمێن لەلایەن شی جینپینگەوە بۆی ڕێک دەخرێت، دواتریش کۆبوونەوەیەکی داخراو بۆ تاوتوێکردنی هەستیارترین پرسەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان ئەنجام دەدەن.

پاش کۆبوونەوە دووقۆڵییەکە، چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەیەکی فراوانتر بە بەشداریی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا و وانگ یی بەڕێوە بچێت. ئوشاکۆڤ ئاشکرای کرد، کە هەردوو سەرکردە پلانیان هەیە نزیکەی 40 بەڵگەنامە واژۆ بکەن، لەوانەش ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی جیهانیی فرەجەمسەر و جۆرێکی نوێی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها ڕێککەوتنی بەهێزکردنی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات.

سەبارەت بە دۆسیەی ئابووری، ئوشاکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، باس لە نەوت و گازی سروشتی دەکرێت، لەوانەش پڕۆژەی بۆری گازی (پاوەری سیبیریا 2). ناوبراو جەختی کردەوە، نزیکەی سەرجەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوانیان بە دراوەکانی ڕووبڵ و یوانی چینی ئەنجام دەدرێن، کە سیستەمێکی جێگیر و پارێزراوە لە کاریگەرییەکانی دەرەکی و گۆڕانکارییە نێگەتیڤەکانی بازاڕی جیهانی.

سەبارەت بە پەیوەندیی ئەم سەردانە بە سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپەوە بۆ چین، ئوشاکۆڤ ڕایگەیاند: "هیچ پەیوەندییەک لە نێوان سەردانی ترەمپ و پوتین بۆ چیندا نییە". ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمساڵ سێ کۆبوونەوەی دیکەی نێوان هەردوو سەرکردە لە چوارچێوەی لووتکەی ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگەهای لە بیشکەک، لووتکەی بریکس لە نیودەلهی و لووتکەی ئاپیک لە شێنزێن پلانی بۆ دانراوە.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.