لەسەر وەرگرتنی بڕی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم دەڵێ، تەنها 292 هەزار تۆن بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بەوەش یەکسانی لەنێوان جوتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا ناکرێت.
ڕزگار حەمە خدر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، بڕی وەرگرتنی گەنم بۆ ئەمساڵ کەمکراوەتەوە، لەسەر ئاستی عێراق بڕیارە سێ ملیۆن و 800 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت، بەڵام لەو بڕە تەنها 292 هەزار تۆن بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە.
گوتیشی، ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان ڕووبەری سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆنم زەوی داچێنراوە، سەرووی دوو ملیۆن تۆنمان گەنم دەبێت، بۆیە ئەوەی حکومەتی عێراق هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە و ناكرێت بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی هەرێمی كوردستان بكرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت جوتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازیان لەنێواندا نەکرێت و ساڵی ڕابردوو 10٪ی گشت گەنمی وەرگیراوی عێراق هی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بووە.
هەر لە کۆنفرانسەکەدا دەشڵێ، نیگەرانین لەمە هەر بۆیە نوسراوێك ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆککۆماری عێراق دەکەین.