دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بڕیارێکی دەرکرد و داوای لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کرد، چیتر ڕێگە نەدەن زێڕ، مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە بگوازرێنەوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی، هۆکاری ئەم قەدەغەکردنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لەم دوو فڕۆکەخانەیەدا بنکەی پشکنین و کۆنترۆڵی جۆری حکومەتی بەغداد نییە بۆ ئەوەی پشکنین بۆ زێڕەکان بکەن و مۆری لێ بدەن.
هاوکات، نووسراوەکە ئاماژە دەکات، ئەو مۆبایل و ئامێرە تەکنەلۆژیانەی هاوردە دەکرێن، مۆڵەتی فەرمیی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقیان نییە، بۆیە قەدەغەیە لەو دوو فڕۆکەخانەیە ئەو ئامێرانە هاوردە بکرێن.