وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تێکڕای بڕی پسوولەی مانگی دووی هاوبەشانی ماڵان 36 هەزار دینارە لەچوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی کە تێیدا هاوڵاتیان کەمترین پارە دەدەن.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، پسولەی مانگی دووی هاوبەشانی ماڵان لە چوارچێوەی "پڕۆژەی ڕووناکی" دابەشکرا و 80%ـی هاوڵاتیان، بەتایبەت کەمدەرامەتان، پارەیەکی زۆر کەمتریان بۆ گەڕاوەتەوە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بۆ کارەبای نیشتمانی و مولیدە دەیاندا.
ئاماژە بەوەشکراوە، تێکڕای بڕی پسوولەی مانگی دوو بۆ ماڵان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 36 هەزار دینارە، کەمترین بڕی پارەی پسوڵە لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە کە 30 هەزار دینارە، هەروەها لە سلێمانی 35 هەزار دینار، لە هەڵەبجە 39 هەزار دینار و لە دهۆک 74 هەزار دینارە.