جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند: ڕوسیا لە وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ناتۆ لە ناوچەی جەمسەری باکور (ئارکتیک) بێدەنگ نابێت.
ئەلێکساندەر گروشکۆ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی (RIA Novosti) گوتی: "ئێمە خاوەنی توانای پێویستین بۆ ئەوەی بە خێرایی و بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئەو هەڕەشانە بدەینەوە کە لەلایەن ناتۆوە دەکرێنە سەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانمان."
پێشتریش، ڤلادیمێر باربین، باڵیۆزی ڕوسیا لە دانیمارک ڕایگەیاندبوو: دەستوەردانی هاوپەیمانی ناتۆ لە گرینلاند دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەی ئارکتیک.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، پێویستە هەموو ئەو دەوڵەتانەی پەیوەندییان بە ناوچەی ئارکتیکەوە هەیە، بەشداری بکەن لە چەسپاندنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا.
پێشتر ئاژانسی (RIA Novosti) ڕایگەیاندبوو کە بەریتانیاش چالاکییە سەربازییەکانی خۆی لە ئارکتیک زیاد کردووە و هەڕەشەی ڕاگرتنی "کەشتیگەلی سێبەر"ی ڕوسیای کردووە.
ئاماژەی بەوەش کردبوو، لە شەش مانگی ڕابردوودا، لەندەن جووڵە هەواڵگرییەکانی خۆی دژی ڕوسیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، لەوانەش بە ئامانجگرتنی کەشتییە جەنگییەکان.