ئەنقەرە هێرش دەکاتە سەر تەلئەڤیڤ و داننانی ئیسرائیل بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان، بە بڕیارێکی سیاسی بۆ داپۆشینی تاوانەکانی خۆی لە غەززە ناودەبات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "حکومەتی ئیسرائیل کە بە شێوەیەکی سیستماتیک و لەبەرچاوی جیهاندا گەلی فەلەستین دەچەوسێنێتەوە و لە دادگەی نێودەوڵەتیی داد بە تۆمەتی جینۆساید دژی خەڵکی غەززە دادگەیی دەکرێت، هەوڵ دەدات لە رێگەی ئەم بڕیارە سیاسییەی سەبارەت بە رووداوەکانی ساڵی 1915 داویەتی، تاوانەکانی خۆی داپۆشێت."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختیشی کردووەتەوە کە ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتە فراوانخوازی و ناسەقامگیرکەرەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
ئەم کاردانەوەیەی تورکیا لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 وڵات بە فەرمی کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنەکانیان لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بە جینۆساید ناساندووە، کە نوێترینیان ئیسرائیلە.