بەردەوام نوێدەکرێتەوە....
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێرانی کرد و بە کردەوەیەکی سەربازی تاکلایەنەی ئەمریکا و ئیسرائیل ناوی برد.
سانچێز لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەداوە، ئەم هێرشانە دەبنە هۆکاری پەرەسەندی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، داواشیکردووە دەستبەجێ گرژییەکان کەم بکرێتەوە و ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگیرێت.

بەدر بوسەعدی، وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، تووشی سەرسوڕمان بووم، دانوستانە باش و جدییەکان جارێکی دیکە تێکچونەوە و بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئاشتی جیهان لەم هێرشدا نییە.
دەشڵێ، من دوعا بۆ ئەو کەسە بێتاوانانە دەکەم، کە کوژران و داوا لە ئەمریکا دەکەم خۆی لەم شەڕەوە تێوەنەگلێنێت، چونکە شەڕی ئەو نییە.

ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەکی ناوەندی لە مینابی هەرێمی هۆرمۆزگان 62 کچە خوێندکار کوژران.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردهوه، بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا لە شوێنی نیشتەجێبوونی ترەمپەوە چاودێری ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران دەکەن.
سەرچاوەیەکی ئەمریکی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا و دان کاین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا، لە دورگەی مار ئا لاگۆی فلۆریدا، لەگەڵ دۆناڵد ترامپدا چاودێری ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە ئێران دەکەن.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەروەی ئێران لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی، لەگەڵ هاوتاکانی خۆی لە وڵاتانی؛ سعودیە، ئیمارات، قەتەر، کوەیت، بەحرەین و عێراق قسەیکرد. لە پەیوەندییەکانیدا عێراقچی رایگەیاندووە، ئەم هێرشانە تەنیا بۆ سەر ئێران نیە و هێرشه بۆ سەر هەموو وڵاتە ئیسلامییەکان و پێویستە ئەم وڵاتانە بەرپرسیارەتی مێژوویی خۆیان بەرانبەر پلانەکانی ئیسراییل جێبەجێ بکەن.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاند، دوای ئەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕێگری لە مووشەکەکانی ئێران کردووە، کە چەند بنکەیەکی سەربازی لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات کردەوەتە ئامانج، هاوڵاتییەکی مەدەنی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەکانەوە گیانی لەدەستداوە.
ئیمارات لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاندووە، ڕێگری لە ژمارەیەک مووشەکی بالیستیکی کردووە کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەکراون و هێرشەکەی بە کردەوەیەکی مەترسیدار و ترسنۆکانە وەسفکردووە.
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، یەکەمین بەیاننامەی فەرمی خۆی لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسراییل بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەیەدا هاتووە، هێزەکانی حکومەتی ئێران، دەستیان بە وەڵامدانەوەی توند و کوشندەی ئەم هێرشانە کردووە.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنای سەر بە دەوڵەتی ئێران بڵاویکردەوە، هێرشێکی ئیسرائیلی لە قوتابخانەی کچانی سەرەتایی لە ناوچەی میناب، کە دەکەوێتە پارێزگای هۆرمۆزگان لە باشووری ئێران بووەتە هۆی کوژرانی پێنج قوتابی.
میدیای ئیسرائیل بڵاویكردهوه، فەرماندەی سوپای پاسداران کوژرا، رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، جەنەڕاڵ موحەمەد پاکور، فەرماندەی سوپای پاسداران لە هێرشەکەدا کوژراوە. پاکور لە دوای کوژرانی حوسێن سەلامی بووە فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، کە لە هێرشەکەی مانگی شەشی ئەمریکا لە ئێران کوژرا

هاوكات، کهناڵی 12ی ئیسراییل بڵاویکردەوە، لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان لە ئیسرائیل دەریانخستووە، لە هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران ، بە ئەگەری زۆر علی شمخانی، ڕاوێژکاری علی خامنهای کوژراوە.

ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ رایگهیاندووه، فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران کوژراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ گەیشتووە، حسێن جەبەل ئاملیان، فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا کوژراوە .

سوپای ئیسرائیل هۆشداری دەداتە ئەو هاووڵاتییە ئێرانیانەی لە ناو کارگە و ژێرخانە سەربازییەکانی ئێران و دەوروبەری کاردەکەن شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.
فەریق ئەبۆلفەزل، وتەبێژی سوپای پاسداران دهڵێت، هەر بنکەیەک لە هەر شوێنێکی ناوچەکە هاوکاری ئیسرائیل بکات، دەبێتە ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئێران و هێزە چەکدارەکانمان لە ئەنجامدانی هیچ هێرشیک دوودڵ نابن.
به گوێرهی زانیارییه میدیاییهكان، لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسراییل بۆ سەر ئێران تا ئێستا هەر یەک لە؛ وەزارەتی هەواڵگریی، وەزارەتی بەرگریی، نوسینگەی فەرماندەیی، رێکخراوی وزەی ئەتۆمی، کۆمەڵگەی سەربازیی پارچین، شوێنی مانەوەی خامنەیی، دامەزراوەکانی دەوڵەت، بینای دەزگای دادوەری و هەروەها چەندین ئامانج لەی دیکە لە پارێزگاکانی تاران، لۆرستان، ئەلبورز، تەورێز، قوم، چابەهار، کرماشان، ئەردەبیل، خوڕماوا، ورمێ، ئەسفەهان و بەندەر عەباس کراونەتە ئامانج.
له كاردانهوهی هێرشهكانی ئهمڕۆدا یەکێتی ئەوروپا رایگهیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران پێشهاتێكی مەترسیدارە، داوا دەکەین خەڵکی مەدەنی بپارێزن.






