نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دوای کۆتاییهاتنی دیدار و کۆبوونەوە دوو ڕۆژەییەکانی لەگەڵ پارتە سیاسییەکاندا، سەبارەت بە ناوەڕۆک و ئامادەکارییەکانی یاسای چوارچێوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
سەرۆکی پەرلەمان جەختی کردەوە، پێویستە لە وەرزی هاویندا ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە چەکەکانیان دابنێن، بگەڕێنەوە وڵات و بە یەکجارەکی کۆتایی بهێنن بە چالاکییە چەکدارییەکانیان.
نومان کورتوڵموش ئاماژەی بەوە کرد، ڕاپۆرتی پێشووی کۆمیسیۆن بە کۆدەنگیی تەواوی پارتە سیاسییەکان ئامادە کراوە و وەک نەخشەڕێگەی پرۆسەکە سەیری دەکرێت، هەروەها ڕایگەیاند، بە ڕاگەیاندنی چەکدانان لەلایەن ڕێکخراوەکەوە (پەکەکە) پرۆسەیەکی نوێ دەستی پێ کردووە.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئومێدی خواست، پێش پشووی هاوینەی پەرلەمان، ئەم پڕۆژەیاسایە پەسەند بکرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دانوستاندن لە نێوان پارتە سیاسییەکان بەردەوام دەبێت و هەڵسەنگاندن بۆ ڕاپۆرتی دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتیش دەکرێت، تاوەکو شێوازی کۆتایی بە دەقی یاساکە دەدرێت.