سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بنکە و بارەگای هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان، لە هەرێمی کوردستان بۆردومان کردووە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، کاتژمێر 4:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بنکە و بارەگای ئەو هێزانە، لە سێ خاڵی جیاوازی هەرێمی کوردستان، کراوەتە ئامانجی هێرشەکانی یەکەی مووشەکیی سوپای پاسداران.
لە راگەیەنراوەکەدا، سوپای پاسداران هەڕەشەی ئەوە دەکات، ئەگەر ئەو هێزانە، لە هەرێمی کوردستانەوە هەر جۆرە جووڵەیەک دژی یەکپارچەیی خاکی ئێران ئەنجام بدەن، لەناویان دەبەن.