ئەمڕۆ نرخەکانی زێڕ بە ڕێژەی زیاتر لە 3% دابەزینیان بەخۆوە بینی و نزمترین ئاستی خۆیان لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا تۆمارکرد هاوکات، نرخی نەوت بەرزبووەوە و بە زیاتر لە 112 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
نرخی زێڕ، بۆ ماوەی نۆ ڕۆژە ڕووی لە دابەزینە و ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لە ئەمساڵدا.
دابەزینی نرخی زێڕ، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش بەردەوامە، مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 979 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەمەش نزمترین ئاستە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە هاوکاتە لەگەڵ توندبوونی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە.
هەروەها، جەنگی ئێران پێی ناوەتە چوارەم هەفتەی خۆی و نرخی نەوتیش لە سەرووی 112 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی وزە، ئەمڕۆ نرخی نەوتی تێکساس 0.44٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 98.66 دۆلار، هەرچەندە پێشتر بۆ ماوەیەک بەربەستی 100 دۆلاریشی تێپەڕاندبوو. نرخی نەوتی برێنتیش بە زیاتر 112 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێش دەستپێکردنی جەنگ لە 27ـی شوبات، نرخی نەوتی تێکساس تەنیا 67.02 دۆلار بوو.
