ناكۆكیی توندی سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعەکان بۆ یەکلایکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، ماڵی شیعه‌ی توشی دابه‌شبوون كردووه و ئه‌گه‌ری لێكترازان و پەرتبوونی زیاتری لێ دەکرێت.
عه‌بدولسه‌مه‌د زرگوشی، ئه‌ندامی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی ده‌ڵێت، گرژییەکانی ناو كۆبوونه‌وه‌ی شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ی هاوپەیمانییەکە، به‌هۆی ناكۆكیی توندی سه‌ركرده‌كانی لایه‌نه سیاسیه‌كانی ناو هاوپه‌یمانییه‌كه‌وه بووه له‌سه‌ر میكانیزمی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كاندیدی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران.
ئاماژە بەوەشدەکات، ئەمشەو چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی ناو چوارچێوە كۆده‌بنه‌وه بۆ لێك نزیككردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌كان و گه‌یشتن به بنه‌مای هاوبه‌ش له باره‌ی میكانیزمی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كاندیدی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران.
دەشڵێت، لە 48 كاتژمێری داهاتوودا ئه‌گه‌ری گه‌یشتن به لێكتێگه‌یشتن و دروستبوونی تێڕوانینی هاوبه‌ش هه‌یه له نێوان سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه و دیارییكردنی كاندیدی سه‌رۆكوه‌زیران.
هاوكات چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه باس له‌وه ده‌كه‌ن، ناكۆكیی سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه هێنده توند بووه‌ته‌وه، به كرداریی بوون به دوو به‌ره‌وه، به‌ره‌یه‌ك پشتیوانیی له سودانی ده‌كات و به‌ره‌كه‌ی دیكه‌ش پشتیوانیی له مالیكی، هه‌ر بۆیه له كۆبوونه‌وه‌ی ئەمشەودا چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی هاوپه‌یمانییه‌كه ئاماده‌بن و بەشێکی دیکەیان ئامادە نابن.