پلاتفۆرمی پاراستنی شار و پشتیوانیی ئامەد بڵاویکردەوە، نیگەرانین لە ڕێگری کردن لەو بارهەڵگرانەى کە هاوکاریی مرۆییان بۆ کۆبانێ هەڵگرتووە و داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بەپەلە دەست تێوەردان بکەن.
سەردار کەسکین، بە ناوی پلاتفۆرمەکەوە ڕایگەیاند، کاروانی دووەمی هاوکارییەکان کە پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک، پاککەرەوە، بەتانی، شیری منداڵان، ئاو و سووتەمەنی لەخۆ دەگرێت لە 18ـى نیسانەوە لە دەروازەی سنووریی چۆبانبەگ-کیلیس ڕاگیراون و ڕێگای تێپەڕبوونیان پێ نادرێت.
دەشڵێن، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بەرپرسیاریەتیی خۆیان لەمبارەوە لە ئەستۆبگرن.
باسلەوەشکراوە، دەبێت دەست بەجێ دەروازەی سنوریی مورشیتپنار بکرێتەوە، کە کورتترین و گونجاوترین ڕێگەیە بۆ ئەوەى هاوکارییەکان بگەنە جێگاى دیاریکراو.