سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕایگەیاند: ئەنفال برینێكی قووڵە لە دڵی هەموو خەڵكی كوردستان، یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراقەوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و ئامانجدار لەدژی گەلی كوردستان پیادە كرا.
بەهۆى 38 ساڵ تێپەڕین بەسەر پڕۆسەى ئەنفالدا سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت: لە ئەنجامی ئەو كردەوە نامرۆڤانەیەدا 182 هەزار هاوڵاتیی کورد بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان كردبێت و تەنیا لەبەر كوردبوونیانەوە بێسەروشوێن و شەهید كران.
گوتوشیەتى: كیمیابارانكردن، تەعریب، دەركردنی بەزۆر، گۆڕینی دیموگرافی و وێرانكردنی هەزاران گوند و هەوڵدان بۆ تێكدانی هەموو بنچینەكانی ژیان لە كوردستان، بەشێكی تری ئەو تاوانانە بوو كە حكومەتی پێشووی عێراق لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە.
باسیلەوەشکردووە: پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسرێت و لە ئاستی عێراقدا ئەو دڵنیاییە هەبێت کە ئەم تاوانانە لە بەرامبەر گەلی كوردستان هەرگیز دووبارە نابنەوە. هەروەها ئەركی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە.