کۆنفرانسی دیموکراتیی یاساناسانی کورد بە دروشمی "یاسای دیموکراتیک لە پێناو ئازادی، پێگە (ستاتۆ) و ئاشتیدا" بە بەشداریی بەرفراوانی پارێزەران، یاساناسان، ئەکادیمیستان و میوانانی بانگهێشتکراو لە ناوەندی کۆنگرەی "چاندئامەد" لە شاری ئامەد دەستی پێکرد، کە بڕیارە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.
لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا، هاوسەرۆکانی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی (ÖHD) گوتاری کردنەوەیان پێشکەش کرد.
پارێزەر سەرهات چاکماک ئاماژەی بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی یاساناسانی کورد کرد و جەختی لە گرنگیی خەباتی هاوبەش و کاری ڕێکخراوەیی کردەوە؛ ئەو ڕێزی لە پێشەنگانی ڕابردوو گرت و ڕایگەیاند کە پێویستە یاساناسان ڕۆڵی پێشەنگ بگێڕن بۆ تێپەڕاندنی حاڵەتی پەرتەوازەیی و دروستکردنی ڕێگەیەکی بەهێز بۆ خزمەتی گەلەکەیان.
هاوكات، هاوسەرۆکی دیکەی کۆمەڵەکە پارێزەر ئەکین یەتەر، سڵاوی بۆ سەرجەم پارێزەران و هاوپیشە زیندانیکراوەکانیان نارد و ئەم کۆبوونەوەیەی وەک "دیدارێکی مێژوویی" وەسف کرد.
ڕوونیشی کردەوە کە لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا، پرسی بێ-پێگەیی مێژوویی کورد و هۆکارەکانی لە ڕەهەند و قۆناغە جیاوازەکاندا بە وردی لەلایەن ئامادەبووانەوە گەنگەشە دەکرێت.