ڕاستەوخۆ

شارەوانیی گەل لە کۆبانێ بۆ پاراستنی دەغڵودان لە ئاگرکەوتنەوە کەوتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

reset font size increase font size

شارەوانیی گەل لە  کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان، بە مەبەستی پاراستنی بەروبوومی کشتوکاڵیی جوتیاران و ڕێگریکردن لە مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە لە وەرزی دروێنەدا، ئامادەباشیی تەواوی تیمەکانی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوەی ڕاگەیاند، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ دابینکردنی سەلامەتیی گشتی لەم قۆناغە هەستیارەی ساڵدا کە تێیدا مەترسییەکانی کەوتنەوەی ئاگر بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکەن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ لەبەردەم گەراجی گشتیی شارەوانی و لەلایەن ئەڵماز ڕۆمی، سەرۆکی شارەوانیی کۆبانێوە بە ئامادەبوونی ئەندامانی تیمەکانی فریاگوزاری خوێندرایەوە، هاتووە کە سەرجەم شارەوانییەکانی ناوچەکە و گوندەوارەکانی دەوروبەری خراونەتە دۆخی ئامادەباشی ڕەهاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو کە ببێتە هۆی شێواندن یان لەناوبردنی ڕەنجی جوتیاران.

سەرۆکی شارەوانی ڕوونیکردەوە کە تانکەری ئاو و سەرجەم ئامێر و پێداویستییە پێویستەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرای ئاگر دابین کراون.

هاوکات بۆ بەهێزکردنی توانای تیمەکان، شارەوانییەکانی (بەلەک، بەندەر، تاشلووک، تل غەزال، جرن و شێران) بە ئۆتۆمبێلی نوێی ئاگرکوژێنەوە تەیار کراون، لە کاتێکدا کە لە ناوەندی شاری کۆبانێش خۆیدا چوار ئۆتۆمبێلی دیکەی هاوشێوە لە حاڵەتی ئامادەباشی دایمیدان بۆ دەستوەردانی خێرا لە ناو شار و گوندەکانی دەوروبەریدا.

پلانە فریاگوزارییەکە تەنها دابینکردنی کەرەستە لەخۆ ناگرێت، بەڵکو داڕشتنی نەخشەیەکی مەیدانییشە بۆ دابەشکردنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەسەر چەند خاڵێکی ستراتیژی و نزیک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان، لە پاڵ بڵاوکردنەوەی ژمارەی تەلەفۆنی تایبەت لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ دروستکردنی هاوئاهەنگیی ڕاستەوخۆ و خێرا لەگەڵ خودی جوتیاراندا بۆ کۆنترۆڵکردنی هەر کڵپەیەکی ئاگر پێش بڵاوبوونەوەی.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا، شارەوانیی گەل داوای لە تەواوی دانیشتووان و جوتیارانی ناوچەکە کرد کە پابەندی ڕێنماییەکانی سەلامەتی بن لە کاتی دروێنەدا، دوورکەونەوە لە داگیرساندنی ئاگر لە نزیک کێڵگەکان و لە کاتی بینینی هەر حاڵەتێکی گوماناوی یان سەرەتای ئاگرکەوتنەوەدا، دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک و بەروبوومی ناوچەکە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان