ڕاستەوخۆ

جێگری باخچەلی: پێشنیار دەکەین نەورۆز ببێتە بۆنەیەکی فەرمی لە تورکیا

reset font size increase font size

جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، ڕایگەیاند، پڕۆسەی چاکسازی و دیموکراسی لە تورکیا نابێت ببەسترێتەوە بە کات، جەختی لەوەش کردەوە هەندێک هەنگاو هەن پێویستە دەستبەجێ بنرێن، لەوانەش چارەسەرکردنی پرسی قەیومەکان و جێبەجێکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان. دەشڵێ، پێشنیار دەکەین نەورۆز ببێتە بۆنەیەکی فەرمی لە تورکیا.

 فەتحی یەڵدز، جێگری سەرۆکی مەهەپە ئەوەشی گوت: ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی پەرلەمان بۆ هاوبەشیی نیشتمانی و دیموکراسی لە بەشی شەشەمدا، کە تایبەتە بە پەکەکە و داماڵینی چەک، پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە، واتە تەنیا کاتێک ڕێککاری یاسایی تایبەت دەگیرێتە بەر کە ڕێکخراوەکە بە تەواوی چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە.

بەشی حەوتەمیش، کە پرسی لابردنی قەیومەکانە، بە گوتەی یەڵدز پێویستی بە چاوەڕێکردن نییە. بۆ چەسپاندنی دیموکراسی پێویستمان بە مۆڵەت و پشتڕاستکردنەوە نییە، دەتوانین هەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەندێک ڕێکار بگرینەبەر.

 فەتی یەڵدز بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند، پێویستە تورکیا پابەندی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووریی خۆی بێت. تورکیا شایەنی هەندێک دۆخ نییە و دەکرێت بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە، ئاستەنگەکانی بەردەم دیموکراسی لاببرێن.

 جێگری سەرۆکی مەهەپە ڕەخنەی لە یاسای ئێستای سزادانی وڵاتەکەی گرت و بە کۆنەپەرستانە وەسفی کرد. داوای کرد یاسایەکی بنەڕەتی نوێ بۆ سزادان و جێبەجێکردنی حوکمەکان دابڕێژرێتەوە، کە دادپەروەری و یەکسانی تێدا بێت.

 فەتی یەڵدز پێشنیاری کردووە، کە جەژنی نەورۆز 21ی ئازار بکرێتە پشووی فەرمی لە تورکیا. گوتیشی، وەک مەهەپە ئامادەن دەستپێشخەری پڕۆژە یاسایەک بکەن بۆ ئەوەی نەورۆز ببێتە جەژنێکی فەرمی و داواش لە هەموو پارتەکانی دیکەش دەکەن واژۆی لەسەر بکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.