وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران بە شەش موشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانیان و شهش پێشمهرگه شههید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوو هێرشی جیاوازدا، بارەگایەکی فیرقەی 7ـی پیادەی دەڤەری یەک و هێزێکی فرقەی 5ـی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنوری سۆران، لە کردەوەیەکی دووژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی شەش موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن".
وەزارەتەکە دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکاندا "شەش پێشمەرگەی قارەمان شەهید و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
ئاماژە بەوەشکراوە"بە تووندترین شێوە ئەم هێرشە و هەموو هێرشە تیرۆریستیانەی دیکە" شەرمەزار دەکەن کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان. جەختیشداکاتەوە کە "ئێمە هەموو مافێکمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک کە دەکرێتە سەر گەل و خاکەکەمان".
هاوکات، ئاماژە بەوەشکراوە، "بە هیچ جۆرێک چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە، بەڵام تەمەنی غەدر و ستەم کورتە و ئیرادەی ئاشتیخوازی سەردەکەوێت".
دەشڵێت، داوا لە هەموو لایەک دەکەین شەڕ و ئاژاوە لە هەرێمی کوردستان بە دوور بگرن و "داواش لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو دۆستانمان دەکەین بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و سنورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباکانە دابنرێت".