دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆسەر لوبنان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. و وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت لە سەرەتای جەنگەوە زیاتر لە 10 هەزار کەس بوونەتە قوربانیی.
دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە ئاماری نوێی قوربانییانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە دوێنێوە حەوت کەس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و 24 کەسی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل لە 2ـی ئازار تا ئەمڕۆ، ژمارەی کوژراوەکان لە لوبنان گەیشتوەتە دوو هەزار و 509 کەس و حەوت هەزار و 755 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، لە 11ـی مانگەوە ئاگربەستی جەنگی ئێران ڕاگەیەندرا و پێداگرییەکانی ئێران، لوبنانی خستە نێو چوارچێوەی ئاگربەستەکە و لە 16ـی مانگەوە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم وڵاتە ڕاگیران. بەڵام لە دوێنێوە و بە فەرمانی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووبارە هێرشەکان بۆ سەر لوبنان دەستی پێکردەوە.