سەرۆکایەتى پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 11ـى نیسانی 2026ـى دیاریکرد بە مەبەستى هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
هاوکات، شەوى ڕابردوو مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نامەیەکى بۆ سەرکردەکانی عێراق نارد و تێیدا دەڵێت، پێویستە شایستە دەستوورییەکان بەگوێرەى هاوبەشی، هاوسەنگی و سازانی نیشتمانیی یەکلایی بکرێنەوە.
گوتوشیەتى: ئەو هەوڵانەى دەدرێن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت و دەبێتە مایەی دابەشبوونی زیاتر و قوڵتر.
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختدەکاتەوە، پێویستیان بە دانوستانی زیاترە بۆ گەیشتن بە چارەسەری سەرکەوتووانە و بەردەوام لەوبارەوە، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە پەیامێکدا کە ئاراستەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە دەڵێت: ئەو جموجوڵەی ئێستا لەناو پەرلەمانی عێراقدا هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، شایستەیەکی دەستوورییە و چیتر بەرگەی دواخستن ناگرێت، بەڵکو پێویستە بە شێوەیەکی بەپەلە هەنگاوی بۆ بنرێت.