لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەنقەرە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە و هەردوولا پێنج ڕێککەوتننامەی گرنگیان لە بواری وزە، پیشەسازی و تەکنەلۆجیا، پەروەردە و فێرکردن، وەرزش و گەنجان و گواستنەوە (پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان) واژۆ کرد.
عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، ئەم پڕۆژەیە وەک «سێیەم ڕووباری ئابووری» لە نێوان هەردوو وڵاتدا کار دەکات.
وێڕای گرنگیی ڕێککەوتننامەکان، ڕووداوێکی نائاسایی لە مەراسیمی واژۆکردنەکەدا بووە سەرەکیترین ڕۆژەڤی میدیاکان، دوای ئەوەی وەهبی حوسنی، وەزیری گواستنەوەی عێراق (کە وەک کەسایەتییەکی نزیک لە ئێران دەناسرێت) ئامادە نەبوو ڕێککەوتننامەی ڕێگەی گەشەپێدان واژۆ بکات و لە مەراسیمەکەدا دیار نەما، سەرۆکوەزیرانی عێراق ناچار بوو خۆی ڕاستەوخۆ بەڵگەنامەکە واژۆ بکات.
لە لایەکی دیکەوە، ئەردۆغان ئاشکرای کرد، عێراق بەڵێنی داوە ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانەی تورکیا بکات. هاوکات بەهۆی فرۆشتنی %15ی پشکەکانی کۆمپانیای بریتیش پەترۆلیۆم لە کەرکوک بە کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا، بۆ یەکەمجار ئەنقەرە دەتوانێت ڕاستەوخۆ بەشدار بێت لە پرۆسەی دەرهێنان، فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان.