وەزیری دەرەوەی ئێران لە چوارچێوەی گەشتە دیپلۆماسییەکەی و دوای سەردانیکردنی عوممان، جارێکی دیکە گەڕایەوە ئیسلام ئاباد و بڕیارە لەوێوە بەرەو مۆسکۆ بەڕێ بکەوێت.
دوای ئەوەی دوێنێ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پاکستانەوە چووە عوممان و لەگەڵ هەریەک هەیسەم بن تاریق سەعید، شای عوممان و بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەروەی ئەو وڵاتە کۆبوویەوە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە مەسقەتی بەرەو ئیسلام ئاباد بەجێهێشت.
بە گویرەی زانیاریی میدیا ئێرانییەکان، سەردانەکەی ئەمجارەی عێراقچی بۆ پاکستان کورتخایەن دەبێت و دوای وەستانێکی کورت لە ئیسلامئابادەوە دەچێتە مۆسکۆ و لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکەی ڕوسیا کۆدەبێتەوە.
عێراقچی ماوەی سێ ڕۆژە گەشتێکی دیپلۆماسیی دەستپێکردوە و یەکەم وێستگەی سەردانەکەشی پاکستان بوو کە ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا. لەم سەردانەیەدا لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و عاسم مونیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای پاکستان کۆبوویەوە.
هاوکات لەگەڵ سەردانەکانی، ئەمڕۆ عەباس عێراقچی دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ هەریەک لە شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، وەزیری دەرەوەی قەتەڕ و فەیسەڵ بن فەرحانی، وەزیری دەرەوەی سعودیە ئەنجامدا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەست و لە جەنگەکەدا، پەیوەندیییەکانی ئێران لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە گرژیی بەخۆوە بینیووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، لە پەیوەندییە تەلەفونییەکاندا جەخت لە سەر پێویستیی پێشخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە و بەرقەرارکردنی ئاشتیی کرایەوە.