فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئێستا لایەنەکانی ناو بەرەی مقاومە لەوپەڕی ئامادەییدان و حکومەتی ئێرانیش پاراستنی ئەو پێکهاتانە بە ئەرکی لە پێشینەی خۆی دەزانێت.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ئێستادا بەرەی مقاومە لە هەموو کاتێک بەهێزتر، ڕێکخراوتر و یەکگرتوترە لە ناوچەکەدا.
قائانی دەڵیت، "ئەمڕۆ ئێران سەرنجی لە سەر پاراستنی بەرەی مقاومەیە لە ناوچەکەدا، بە حزبوڵڵا و هەموو پێکهاتەکانی دیکەیەوە ".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری لوبنان و حزبوڵڵا کردەوە و دەڵێت، "دەیان ساڵە ئیسرائیل بە هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر حزبوڵڵا و لوبنان، نەیتوانیوە کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و تەنها شکستەکانی درێژەپێدەدات".
ئەم لێدوانانەی قائانی دوای ئەوە دێت، ڕۆژی ڕابردوو بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد، بە توندترین و بەهێزترین شێوە هێرش بکەنە سەر پێگەکانی حزبوڵڵای لوبنان.