ئامادەکردنی/ کوردستان لەزگییەڤا
ململانێ و گرژییە سەربازییەکان بە درێژایی سنوری ئەفغانستان و پاکستان، قەیرانی مرۆیی لە ناوچەکە قووڵتر دەکەنەوە و ژنانیش زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
ڕاپۆرتێکی نوێ کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات کە زیادبوونی ململانێ و گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان فشاری زۆر قورس لەسەر ژنانی نیشتەجێی ناوچە سنوورییەکان دروست دەکات، ئەمەش دەستڕاگەیشتنیان بە پێداویستییە سەرەکییەکان سنوردار دەکات.
ڕاپۆرتەکە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە سەرەتاییانەیە کە لە ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان و گروپی ڕاوێژکاریی ژنانی ئەفغانستان کۆکراونەتەوە. لە کاتێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناتوانرێت ئاستی تەواوی قەیرانەکە هەڵسەنگێندرێت بەهۆی ئاستەنگە ئەمنییەکانەوە، شیکارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە دەریدەخەن کە توندوتیژییە بەردەوامەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، لە شێوەی هێرشی ئاسمانی و پێکدادانی زەمینی، بووەتە هۆی داخستنی ڕێگاکانی گواستنەوە، کە بە توندی هاتووچۆی خەڵکی مەدەنی بەرتەسک کردووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک چاودێری تەندروستی، هاوکاری مرۆیی، خۆراک و ئاو لەلایەن ژنانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.
نیگەرانییە ئەمنییەکان و داخستنی ڕێگاوبانەکان بووەتە هۆی ئاستەنگ لە گەیاندنی هاوکارییەکان، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە خێزانەکان لە دۆخێکی ناجێگیردا بن. لە هەمووی گرنگتر، ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر زیادبوونی مەترسییەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر. ئاماژە بەوە دەکات کە بارودۆخی قەیرانەکە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی هاوسەرگیریی منداڵان و ئیستغلالکردن و جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی.
هەروەها ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییە ئابوورییەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە لەدەستدانی داهات و سنوورداربوونی هەلی کارکردن ژنان دەخاتە بەر مەترسیی زیاتری هەژاری. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی هەندێک خێزان پەنا بۆ میکانیزمە نەرێنییەکانی ڕووبەڕووبوونەوە ببەن وەک کاری منداڵان و هاوسەرگیریی منداڵان.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕێکخراوە ناوخۆییەکانی ژنان و چالاکوانانیش ڕووبەڕووی سنووردارکردنی توندی ئەمنی و کەمیی سەرچاوە دەبنەوە، ئەمەش توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکەیان لاواز دەکات. ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدەن لەوەی کە داتاکانی ئێستا سنوردارە و ڕەنگە دۆخی ڕاستەقینەی سەر زەوی خراپتر بێت لەوەی کە باس کراوە. ڕێکخراوەکە هۆشداریدا لەوەی ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت، قەیرانی مرۆیی لە ناوچە سنوورییەکانی ئەفغانستان، بەتایبەتی بۆ ژنان قووڵتر دەبێتەوە.