ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە پەتایەکی ڤایرۆسی لە شاری هەولێر بڵاوبووەتەوە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی فێرکاریی منداڵانیش دەڵێ، ڕۆژانە نزیکەی 150 منداڵ سەردانی نەخۆشخانەکەیان دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
د. مەحمود محەمەد دەشڵێ، پەتاکە زیاتر منداڵانی تەمەن یەک مانگ تاوەکو یەک ساڵ دەکاتە ئامانج.
ئاماژە بەوەشدەکات، تەنها لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو دوێنێ سێشهممه، 15 هەزار و پێنج سەد منداڵ سەردانی نەخۆشخانەی ڕاپەڕینیان کردووە، کە نزیکەی 80٪ـی ئەو ڕێژەیە تووشبووی ئەم پەتا ڤایرۆسییە نوێیەن.
لەبارەی نیشانەکانی پەتاکەوە دەڵێ، بریتین لە تایەکی بەرز، کۆکەی توند، هەناسە توندی، هەڵامەت و هەندێک جاریش دەبێتە هۆی هەوکردنی سییەکان.
ڕێنمایی دایکان و باوکانیش دەکات لە کاتی دەرکەوتنی ئەم نیشانانەدا، منداڵەکانیان لە منداڵانی دیکە داببڕن و ڕێکارە تەندروستییەکانی وەک پاکوخاوێنی و داپۆشینی دەم و لووت لە کاتی کۆکەدا ڕەچاو بکەن بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە.