عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کەناڵی تێلیگرامی خۆی چەند وێنەیەکی نوێی دیدارەکەی لەگەڵ موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکیستان بڵاوکردەوە.
لە نێویاندا وێنەیەک دەردەکەوێت کە تێیدا عێراقچی نامەی سەرکردەکانی پاکیستان بۆ موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی و ڕێبەری باڵای نوێی ئێران وەردەگرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، لەم دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی "دوایین دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان لە پرۆسەی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا" کراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە کە وەزیری ناوخۆی پاکیستان بە مەبەستی "بەردەوامیدان بە پرۆسەی نێوەندگیریی لە گفتوگۆکانی تاران و واشنتن" سەردانی تارانی کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە موحسین نەقەوی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران ڕایگەیاندبوو، کە بە مەبەستی گەیاندنی "نامەیەکی تایبەت" و "پەیامێکی گرنگ"ی عاسم مونیر، فەرماندەی گشتیی سوپا و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکیستان بۆ موجتەبا خامنەیی هاتووەتە تاران.