وەزارەتی ئەمریکا، بەیاننامەیەکی مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاگادار کردووەتەوە لە نیازی ئیدارەکەی بۆ لادانی ناوی سوریا لە لیستی دەوڵەتانی پشتگیریکەر لە تیرۆر، ئەمەش دوای وادەیەکی پێشوەختەی ئاگادارکردنەوە کە ٤٥ ڕۆژ دەخایەنێت.
مارکۆ ڕۆبیۆ ڕایگەیاندووە، هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی دەبووژێنێتەوە و دەرفەتی بنیاتنانەوە و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بە گەلی سوریا دەبەخشێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە "سووریایەکی سەقامگیر، یەکگرتوو و تەبا لەگەڵ خۆی و دراوسێکانی، نەک تەنیا بۆ ناوچەکە بەڵکو سوودی بۆ تەواوی جیهان دەبێت."
هۆکاری بڕیارەکە و گۆڕانکارییەکانی سووریا
بەگوێرەی بەیاننامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەم هەنگاوە دوای فەرمانی جێبەجێکردنی سەرۆک ترەمپ لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ دێت بۆ سووککردنی سزاکانی سەر سوریا.
هەروەها وەک پێزانینێکە بۆ ئەو گۆڕانکارییە ئەرێنی و ڕێوشوێنە دژە تیرۆرەی کە لەلایەن حکومەتی سووریاوە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع گیراونەتەبەر، لەگەڵ ئەو بەڵێنە فەرمییانەی کە ئەحمەد شەرع پێشکەشی کردوون کە سوریا لە داهاتوودا پشتگیری لە هیچ کارێکی تیرۆریستیی نێودەوڵەتی ناکات.
ڕپبیۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمڕۆ وەرچەرخانێکی گرنگە لە مێژووی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا و سوریا، ستایشی حکومەتی نوێی سووریای کردووە بۆ گرتنەبەری ئەم ڕێڕەوە نوێیە و ڕایگەیاندووە کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی بەهێزکردنی هاوبەشییەکانیانن لەگەڵ سوریا و گەلەکەیدا.