هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ساڵیادی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیدا دژی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئۆجەلان بە بەرخۆدانی هزری و سیاسیی خۆی لە ئیمڕاڵی، پیلانگێڕییەکەی تا ڕادەیەکی زۆر پووچەڵ کردووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە کە ئامانجی سەرەکیی پیلانگێڕییەکە تەسفیەکردنی دامەزرێنەری پەکەکە و ئاستەنگکردنی چارەسەری دیموکراتییانەی کێشەی کورد بوو، هەروەها وێڕای سەرکۆنەکردنی بەشداربووانی پیلانگێڕییەکە، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی بەرخۆدانی "ئێوە ناتوانن ڕۆژی ئێمە تاریک بکەن" کرایەوە.
خاڵە سەرەکییەکانی بەیاننامەکەی کەجەکە:
پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی: تێکۆشانی فکری و سیاسیی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی لەگەڵ بەرخۆدانی گەل، توانیویەتی پیلانگێڕییەکە لەبار ببات.
پارادیگمای نوێ: جەخت لەوە کراوەتەوە کە پارادیگمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازی ژنان کە لەلایەن ئۆجەلانەوە داهێنراوە، ڕێگەی ڕزگاری نیشانی هەموو مرۆڤایەتی دەدات.
بانگەواز بۆ تێکۆشان: کەجەکە داوای لە گەلی کورد، دۆستان و هێزەکانی دیموکراسی کردووە کە لە قۆناغی نوێدا تێکۆشانی خۆیان لە هەموو شوێنێک بەرزتر بکەنەوە بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەییی ئۆجەلان و گەلی کورد.