قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بەبۆنەی وەرگرتنی مەدالیای ڕێزلێنانی ئەستێرەی ئیتاڵیا و ڕایگەیاند، ئەو "سەرکردەیەکی نێودەوڵەتی و خاوەن دیدگایە."
قوباد تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "بەندە و هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە دەیناسین، شاهیدی بۆ دەدەین کە هەمیشە هەوڵ دەدات کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر بکات."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، ئەم شێوازە سیاسەتکردنەی نێچیرڤان بارزانی بۆ کوردستان، عێراق و ناوچەکە، کە پڕە لە ململانێ و ناکۆکیی توند و ناپێویست، زۆر گرنگ و پێویستە.
ئەم پەیامەی قوباد تاڵەبانی دوای ئەوە دێت کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەدالیای ڕێزلێنانی ئەستێرەی ئیتاڵیا بە پلەی "سوارچاکی خاچی مەزن" پێبەخشرا.