عومەر ئۆجالان، لە نامەیەکدا کە بۆ وەزیری دادى تورکیاى ناردووە، داوای زانیاری لەسەر کۆتا هەوڵەکان لەبارەى هێرشکردنە سەر کرێکارانى کورد کردووە و هەروەها جەختى لەسەر هەنگاونان بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبونەوەى ئەو کارە کردووەتەوە.
عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری ئورفا، نامەیەکى ئاراستەی ئاکین گورلەک وەزیری دادی تورکیا کردووە و تێیدا داواى وەڵامى پرسیارەکانى کردووە، کە بەمجۆرەن:
دۆخی ئێستای پرۆسەی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە و تۆمەتەکانی سەر تۆمەتباران گەشتووەتە کوێ و هەروەها ئایا لێکۆڵینەوە تۆمارەکانى تۆمەتباران کراوە یان نا .
هاوکات، هەوڵەکان لە چ قۆناغێکدان بۆ دۆزینەوەی ئەو چەکەى کە لە ڕووداوەکەدا بەکارهاتووە و هەوڵەکان گەشتونەتە کوێ بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبونەوەى هێرشێکى لەوجۆرە.
لە 28ـى ئابی 2025 ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک کرێکارى کوردى خەڵکى ئورفا لە نیگدە و تێیدا ئۆرهان ئیدیکورتى تەمەن 19 ساڵ برینداربوو و پاشان دادگا بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ هێرشبەرەکان دەرکرد.