شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین ناوەڕاست و خوارووی عێراقی گرتوەتەوە و کەشناسێک پێشبینی دەکات، خۆڵبارینەکە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
لە بەیانی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقی گرتوەتەوە و مەودای بینینی بۆ چەند مەترێک کەمکردووە.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی عێراق ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە و داوایکردووە، هاوڵاتییان خۆیان بپارێزن لە چوونەدەرەوە و لە ئەگەری ناچاربوونیان بۆ چوونەدەرەوە، دەمامک بەکاربهێنن و کاتێکیش لە ماڵەوەن دەرگە و پەنجەرەی ماڵەکانیان دابخەن.
بەرگریی شارستانیی هۆشداریشیداوە، هاوڵاتییان تا کاتی ئاساییبوونەوەی بارودۆخەکە و زیادبوونەوەی مەودای بینین شۆفێری نەکەن.
لە بارەی گەیشتنی شەپۆلەکە و کاریگەرییەکەی لە سەر هەرێمی کوردستان، پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای بواری کەشوهەوا بە نوچە تی ڤی ڕاگەیاند، لەمشەوەوە تا سبەینێ شەپۆلی خۆڵبارین ڕوودەکاتە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییەکەی زیاتر لە سەر سنوری دهۆک و هەولێر و کەرکوک دەبێت و لە ناوچەکانی دیکە لاوازتردەبێت.