سێ ڕۆژە پڕۆسەی ناردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانی هەولێر وەستاوە و بەڕێوەبەری ئاوی شارەکەش ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی کارەکانی چاکسازی و لێڵبوونی ئاوی زێی گەورە، تا دوو ڕۆژی داهاتوو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ سێ ڕۆژە دابەشکردنی ئاو لە شاری هەولێر ڕاگیراوە و هاوڵاتییان ئاوی خواردنەوەیان بۆ بەرنادرێتەوە.
لەو بارەیەوە ڕابەر حسێن، بەڕێوەبەری دابەشکردنی ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕینی فیدەرەکان وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی هاوین، لە ئێستادا دابەشکردنی ئاو لە هەر سێ پڕۆژەی ئیفراز ڕاگیراوە.
ڕابەر حسێن ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکارێکی دیکەی ڕاگرتنەکە، لێڵبوونی ئاوی زێی گەورەیە بەهۆی بارانبارینی ئەم دواییانەوە.
لە بارەی ئاساییبوونەوەی دۆخەکەش گوتی، پاش تەواوبوونی ڕێکارەکانی چاکسازی و ڕوونبوونەوەی ئاوەکە، لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و ئاو بە هەموو گەڕەکەکانی شارەکە دەگات.