سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا نایەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و بۆ هەڵاتن لە گفتوگۆ و بەردەوامیدان به دەستدرێژییەکانی، بەدوای بەهانەدا دەگەڕێت.
ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە مۆسکۆ هیچ باوەڕێکی بە ئاشتی نییە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەورووپا، کەنەدا، ژاپۆن و سەرجەم هاوپەیمانەکانی دیکەیان لە هەوڵدا دەبن بۆ ئەوەی ڕووسیا ناچار بکەن سەرچاوە ئابوورییەکانی لە خزمەت کوشتار و توندوتیژیدا بەکارنەهێنێت.
سەرۆکی ئۆکرانیا داوای کرد گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر مۆسکۆ زیاتر بکرێن، و ئاشکرای کرد کە لە ڕۆژانی داهاتوودا چەندین جووڵە و چالاکیی دیپلۆماسیی چڕ بەڕێوەدەچن.