دوو ژنە تێکۆشەر و سیاسیی کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا، دوای تێپەڕاندنی زیاتر لە سێ دەیە (30 ساڵ) لە پشت بەندینخانەکان، ئازادکران.
یەکێک لەوان ڕایگەیاند، تاوەکو تەواوی هەڤاڵەکانیان لە زیندان ئازاد نەبن، ئەوانیش هەست بە ئازادیی ڕاستەقینە ناکەن.
ئەو دوو ژنە کوردە کە لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە بە تۆمەتی "دروستکردنی ڕێکخستنی نایاسایی" و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد دەستگیرکرابوون.
سەرەڕای تەمەنێک لە زیندانیکردن و ڕووبەڕوبوونەوەی جۆرەها فشار، لەسەر هەڵوێست و بیروباوەڕی خۆیان بەردەوام بوون.
زیاتر لە 30 ساڵ لە پشت دیوارە ساردەکانەوە
دیلەک ئۆز، یەکێک لەو ژنە تێکۆشەرانەیە کە ماوەی 32 ساڵی ڕەبەق لە زیندانی (باکر کۆی) لە شاری ئیستانبوڵ زیندانی کرابوو. هاوشانی ئەو، سورەیا بوڵوت دوای کێشانی 31 ساڵ سزای زیندانی، ئازاد کرا.
دیلەک ئۆز دوای ئازادبوونی، لە نێو پێشوازیکەرانی و لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی: "هێشتا هەزاران هەڤاڵی ئێمە لە زیندانەکاندایە، تاوەکو ئەوانیش ئازاد نەبن، ناتوانین بە خۆمان بڵێین ئازادین.
لەمەودوا ئەرکی سەرشانمان بەرامبەر بە گەلەکەمان زۆر قورستر دەبێت."
پاراستنی زمانی دایک و کلتووری بەرگری
هاوکات سورەیا بوڵوت، کە دوای زیاتر لە 31 ساڵ زیندانی، هێشتا بە کوردییەکی پاراو و ڕەوان قسەی دەکرد و زیندان نەبووەتە هۆی فەرامۆشکردنی زمانی دایکی، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان بە هەمان هزر و بیروباوەڕی سێ دەیە لەمەوبەرەوە بەرگری لە مافەکانی گەلەکەیان دەکەن.
ئازادکردنی ئەم دوو ژنە هاوچەرخەی خۆڕاگری، شەپۆلێک لە دڵخۆشی و ئومێدی لەنێو کەسوکاریان، چالاکوانان و ئازادیخوازانی باکووری کوردستان و تورکیادا دروستکردووە.
ژنانی کورد لە مێژووی هاوچەرخدا هەمیشە وەک سیمبولی خۆڕاگری و قوربانیدان لە پێناو مافە نەتەوەییەکاندا ناویان هاتووە و چیرۆکی ئەم دوو ژنەش لاپەڕەیەکی دیکە بەو مێژووە دەبەخشێت.