ڕاستەوخۆ

دوای لێدان لە ژنێکی کورد؛ PYD بە توندی سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەرەکانی هێزەکانی دیمەشق دەکات

reset font size increase font size

ئەبزەر خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD)، سەرکۆنەی هێرش و هەڵکوتانە سەرەکانی ئەم دواییەی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقی بۆ سەر دوو شارۆچکەی کوردی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب کرد و داوای "کۆتاییهێنانی دەستبەجێ" لەم پێشێلکارییانە دەکات.

خەلیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی  (ئێکس) ڕایگەیاند: "ئێمە داوای کۆتاییهێنانی دەستبەجێ بە سەرجەم پێشێلکارییەکان، ئازادکردنی دەستبەجێی دەستبەسەرکراوان و لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف دەکەین بۆ لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی لەم پێشێلکارییانەدا بەرپرسیارن."

داواش دەکات کە پێویستە گەرەنتی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و مافی مانەوەیان لەسەر خاکەکەیان بە شکۆمەندی و سەلامەتییەوە بدرێت.

ئەم کاردانەوەیەی سەرکردەکەی PYD دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی سێشەممە، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق بە دەیان چەکدار و ئۆتۆمبێلی سەربازیی قورسەوە، هەڵیانکوتایە سەر هەردوو شارۆچکەی کوردیی "تل عەران" و "تل حاسڵ" لە باشووری ڕۆژهەڵاتی حەلەب و دەستیان بە گرتنی هاوڵاتیان کرد.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان لە کاتی هەڵکوتانە سەرەکەدا چەندین هاوڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون و چەند ژنێکیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی هێرش و لێدان بوونەتەوە، کاتێک هەوڵیانداوە بە مۆبایلەکانیان دۆخەکە بەدۆکیۆمێنت بکەن یان داوای بینینی بڕیاری دادگایان کردووە بۆ گرتنی کەسەکان.

ئەبزەر خەلیل لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوەی لە تل عەران و تل حاسڵ ڕوودەدات، تەنها ڕووداوێک نییە، بەڵکو هێرشێکی مەترسیدارە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و هەوڵێکە بۆ سەپاندنی واقیعێکی نوێ بە زەبری هێز."

جەختیشی کردەوە کە گرتنی سەرەڕۆیانە و هێرشکردنە سەر ژنان و گەنجان، بە دایکی بەتەمەنیشەوە، هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکات و بنەماکانی دادپەروەری و شەریکایەتیی نیشتمانی تێکدەدات.

یەکێک لەو ژنانەی کە بووەتە قوربانیی هێرشی هێزە ئەمنییەکان، هاوڵاتییەکی کوردە بە ناوی "نەزها حەمکی"، کە دوای ئەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لەسەر هێرشی هێزەکان تۆمار کردووە و داوای وەرەقەی دەستبەسەرکردنی کردووە، بە توندی لێی دراوە.

 لەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، شوێنەواری شینبوونەوە و لێدان بە جەستەی نەزهاوە دیارە و بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدا دێن کە لەم دواییانەدا نیگەرانییەکانی شەقامی کوردی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دیمەشق زیادیان کردووە، بەتایبەت بەهۆی کەمبوونەوەی نوێنەرایەتیی ژنانی کورد و قەدەغەکردنی بەرزکردنەوەی ئاڵای پارتە کوردییەکان لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.