بەڕێوەبەری گشتیی چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبانی هەولێر ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە بۆ ئەوەی ڕێگە سەرەکییەکان "بکاتە پارە" و داهاتەکەشی بۆ نۆژەنکردنەوەیان بەکاربهێنێتەوە.
عیماد محەمەد، "پلان هەیە ڕێگەکان بکرێنە پارە، ئەمە سیستمێکی جیهانییە و وادەکات داهاتی ڕێگەکان بۆ خودی ڕێگەکان خەرج بکرێتەوە. کاتێک هاووڵاتی یان بازرگانێک پارە دەدات، لە بەرامبەردا ڕێگەیەکی ستاندارد و سەلامەت بەکاردەهێنێت".
بەگوتەی بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی هەولێر، "ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت، بەشێكی ئەو داهاتەی بەرامبەر بەکارهێنانی ڕێگەکە کۆدەکرێتەوە، ببێتەوە بودجە بۆ حکومەت تاوەکو بتوانێت زووتر ڕێگەکان نۆژەن بکاتەوە".
دەشڵی، ساڵانە تەنیا بۆ پارێزگای هەولێر پێویستیان بە 60 بۆ 70 ملیار دینارە بۆ نۆژەنکردنەوە، بەڵام "پار تەنیا نزیکەی دوو ملیار دیناریان بۆ خەرجکراوە، ئەو بڕە پارەیە تەنیا بەشی نۆژەنکردنەوەی پێنج کیلۆمەتر ڕێگەی ستاندارد دەکات".