ماوه‌ی 29 رۆژه كۆبانێ له‌ژێر گه‌مارۆیه‌كی سه‌ختدایه، تا ئێستاش رێگریی ده‌كرێت له گه‌یشتنی هاوكارییه‌كان بۆ شاره‌كه.
به‌گوێرەی زانیارییه‌كان، سه‌ره‌ڕای رێكه‌وتنی نێوان هه‌سه‌ده و دیمه‌شق، به‌ڵام تا ئێستا سوپای سوریا گه‌مارۆیه‌كی توندی خستووه‌ته سه‌ر شاری كۆبانێ، توركیاش ناهێڵێت له رێگه‌ی ده‌روازه سنورییهكهیهوه هیچ هاوكارییه‌ك بگاته خه‌ڵكی كاره‌ساتباری شاره‌كه، كه به ده‌ست گرفتی ته‌ندروستیی و كه‌میی ده‌رمان و خۆراك و سوته‌مه‌نیی و چه‌ندین پێداویستی دیكه‌ی ژیانی رۆژانه‌وه ده‌ناڵێنن.
ئاژانسی رۆژنیوز له زاری پزیشكانی شاره‌كه‌وه بڵاویکردەوە، به‌هۆی ئه‌و گه‌مارۆ تونده‌ی له‌سه‌ر شاره‌كه‌یه، هه‌موو جۆره‌كانی ده‌رمان و پێداویستیه پزیشكیه‌كان یان هه‌ر ده‌ستناكه‌وێت یان زۆر كه‌مه، پزیشكانی شێرپه‌نجه‌ش دۆخیان زۆر خراپه و ده‌ستیان به هیچ چاره‌سه‌رێكدا ناگات، چونكه ناتوانن بچنه ده‌ره‌وه‌ی كۆبانێ.
زانیارییه‌كان له كۆبانێوه باس له‌وه ده‌كه‌ن: منداڵانیش بارودۆخیان زۆر خراپه، چونكه سه‌ره‌ڕای كه‌میی خۆراك و به زه‌حمه‌ت ده‌ستكه‌وتنی، شیر بۆ منداڵانی ساواش ده‌ستناكه‌وێت.
له كۆبانێ زیاتر له 600 هه‌زار كه‌س ده‌ژین و له ئێستادا باروگوزه‌رانیان زۆر خراپه و بێ كاره‌بایی و بێ خۆراكیی و نه‌بونی ده‌رمان، به ته‌واوه‌تی بڕستی لێبڕیون.
هاوكات ئیلهام ئه‌حمه‌د هاوسه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی داوای ده‌ستبه‌جێ لابردنی گه‌مارۆی توندی سه‌ر كۆبانێی كرد و ده‌ڵێت: له كۆبونه‌وه‌كانی میونشن له‌گه‌ڵ شاندی دیمه‌شق باسیان له‌و پرسه گرنگه كردووه.