ڕاستەوخۆ

بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە هەولێر هۆشداری لە ئەپڵیکەیشنێکی مەترسیداری هاککردن دەدات

reset font size increase font size

بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر، هۆشدارییەکی بەپەلە و توند دەداتە هاووڵاتییان لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەپڵیکەیشنێکی مەترسیداری هاککردن بەناوی "Plus"، کە لە دەرەوەی کۆگا فەرمییەکان بڵاودەکرێتەوە و بۆ مەبەستی سەرانەسەندن و هەڕەشەکردن بەکاردێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەم ئەپڵیکەیشنە لە هیچ کام لە مارکێتە فەرمییەکانی مۆبایلدا (وەک ئەپ ستۆر و پلەی ستۆر) بوونی نییە، بەڵکو تەنیا لە ڕێگەی لینک و نامەی گوماناوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ خەڵک دەنێردرێت.

میکانیزمی کارکردنی ئەم داوە ئەلیکترۆنییە بەم شێوەیەیە:

دابەزاندنی ئەپەکە: لەگەڵ داگرتن و جێگیرکردنی بەرنامەکە لەسەر مۆبایلەکە، ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی چوونەژوورەوە بە هاککەرەکان دەدات.

دزینی داتا: سەرجەم داتا، زانیاری، نامە و وێنە تایبەتییەکانی ناو مۆبایلەکە دەچنە دەست کەسانی هاککەر.

هەڕەشە و سەرانەسەندن: دوای چەند ڕۆژێک لە دزینی زانیارییەکان، هاککەرەکان لە ڕێگەی وێنە و بەڵگە تایبەتییەکانەوە پەیوەندی بە خاوەن مۆبایلەکەوە دەکەن و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی داتاکانی لێدەکەن ئەگەر سەرانەیان پێ نەدات.

: بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان دەکات، کە بە هیچ شێوەیەک بەرنامە و ئەپڵیکەیشن لە دەرەوەی کۆگا فەرمییەکان دانەبەزێنن بۆ ئەوەی نەکەونە داوی ئەم جۆرە تەڵە ئەلیکترۆنییانەوە.

هاوژینان و هاوڵاتییان ئاگاداردەکرێنەوە کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەکی ئەلیکترۆنی یان سەرانەسەندنێکدا، پێویستە بەبێ ترس و دوودڵی، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی (119)ی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەوە بکەن بۆ وەرگرتنی هاوکاریی یاسایی و تەکنیکی.

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.