سبەی سێشەممە (7ـی تەممووزی 2026)، لووتکەی سەرکردەکانی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەستپێدەکات.
ئەم لووتکەیە کە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بەهۆی بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و جیهان، بە یەکێک لە گرنگترین و مێژووییترین کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانێتییەکە دادەنرێت و تورکیاش لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا ئامادەکاریی بەرفراوانی بۆ کردووە.
لە لووتکەکەدا سەرکردەی 32 وڵاتی ئەندامی ناتۆ کۆدەبنەوە. جیا لەوان، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا، لەگەڵ سەرکردەکانی ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئوسترالیا و نیوزیلەندا بەشداری لە کۆبوونەوە پەراوێزییەکانی لووتکەکەدا دەکەن.
ئەجێندای سەرەکیی لووتکەکە
بەرنامەی فەرمیی لووتکەکە بە کۆبوونەوەی "دەستپێشخەریی هاوکاریی ئەستەمبوڵ" (ICI) دەستپێدەکات، پاشان کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە، کۆبوونەوەی ناتۆ-ئۆکراین و دواجاریش دانیشتنی سەرەکیی سەرکردەکان بەڕێوەدەچێت.
تەوەرە سەرەکەیییەکانی گفتوگۆکان بریتین لە:
شەڕی ئۆکراین و ڕووسیا، و داهاتووی ناتۆ.
زیادکردنی خەرجییە بەرگرییەکان و ئاسایشی ئەورووپا.
گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (شەڕی غەززە، سووریا، لوبنان و شەڕی ئیسرائیل-حیزبوڵڵا).
دیداری ئەردۆغان و ترەمپ: بۆ ئەنقەرە گرنگترین بەشی لووتکەکە، دیداری دووقۆڵیی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە. ئەمە دوای 17 ساڵ یەکەمین سەردانی ترەمپە بۆ تورکیا و چاوەڕوان دەکرێت چەندین دۆسیەی ناکۆکی لەسەر مێزەکە گەنگەشە بکەن.
ئامانجەکانی تورکیا لەم لووتکەیەدا
بۆ حکومەتی ئاکپارتی، ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا دیدارێکی سەربازی نییە، بەڵکو دەرفەتێکی سیاسیی گەورەیە بۆ:
نوێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆ.
بەهێزکردنی پێگەی ستراتیژیی خۆی لە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
قبووڵکردنی سیاستەکانی لە سووریا، عێراق، ئێران و بەتایبەتیش لە پرسی کورددا لەلایەن هاوپەیمانەکانیەوە.
چاودێران پێیان وایە ئەنجامی ئەم کۆبوونەوانە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی تورکیا دەبێت، بەتایبەت لە ئەگەری هێنانی پاکێجێکی یاسایی نوێ بۆ پەرلەمان لەسەر پرۆسەی ناوخۆیی وڵاتەکە.
ڕێوشوێنی توندی ئەمنی و دەستگیرکردنی سەدان کەس
هاوتەریب لەگەڵ نزیکبوونەوەی لووتکەکە، ڕێوشوێنی ئەمنی لە ئەنقەرە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست؛ چەندین شەقام داخران و گەشتە ئاسمانییەکان سنووردار کران.
لەم پرۆسەیەدا 56 هەزار و 288 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و جاندارمە جێگیرکراون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئۆپراسیۆنە ئەمنییەکانی پێش دەستپێکردنی لووتکەکەدا ئەم ڕێکارانە گیراونەتەبەر:
370 کەس دەستبەسەر کران.
178 کەس بە فەرمی زیندانی کران.
34 کەس بڕیاری بەندکردنی ماڵەوە (کۆنترۆڵی دادوەری)یان بۆ دەرچوو.
6 کەس لەلایەن داواکاری گشتییەوە ئازاد کران.
ئۆپراسیۆنە ئەمنییەکان لە پایتەختی تورکیا هێشتا بەردەوامییان هەیە.