سبەی سێشەممە (7ـی تەممووزی 2026)، شاری سلێمانی میوانداریی سیمپۆزیۆمێکی بەرفراوان و تایبەت دەکات لەژێر ناونیشانی “جیۆپۆلەتیکی کوردستان و ڕەوشی ژنان”، کە تێیدا چەندین ژنە سەرکردە، پەرلەمانتار و چالاکوانی دیاری هەر چوار بەشی کوردستان بەشداری تێدا دەکەن.
ئەم سیمپۆزیۆمە بە دەستپێشخەریی هاوبەشی هەردوو ڕێکخراوی "ڕێپاک" و ڕێکخراوی "ئازادبوون" ڕێکخراوە؛ بڕیاریشە کاتژمێر 03:00ـی پاشنیوەڕۆی سبەی لە هۆڵی "سینەما سالم" لە ناوەندی شاری سلێمانی دەستپێبکات.
پانێڵیست و بەشداربووانی سەرەکیی سیمپۆزیۆمەکە
دیدارەکە کۆکەرەوەی چەندین دەنگی دیاری بواری سیاسەت و داکۆکیکاری مافەکانی ژنانە لەسەر ئاستی کوردستان، کە بریتین لە:
زەینەب موراد - هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە).
ئیلهام ئەحمەد - هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆدەرەوەری لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ئایلا ئاکاد ئاتا - چالاکوانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) و پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە).
نەسرین سنە - ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە).
د. گەشە دارا حەفید - سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادبوون.
هەردوو ڕێکخراوی ئامادەکار (ڕێپاک و ئازادبوون) ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا بانگەوازییان ئاڕاستەی سەرجەم چالاکوانان، ڕۆشنبیران، ئازادیخوازان و دڵسۆزانی پرسی ژنان و کوردستان کردووە، تاوەکو بە ئامادەبوون و سەرنجەکانیان دەوڵەمەندیی زیاتر بەم دیدارە تایبەتە ببەخشن.