دادگەی پێداچوونەوەی فەرەنسا بڕیاری پێشووی سەرکۆنەکردنی مارین لۆپێن، سەرکردەی ڕاستڕەوی توندڕەوی وڵاتەکەی بە تۆمەتی "بەهەدەردانی دارایی یەکێتیی ئەوروپا" بۆ بەرژەوەندیی حیزبەکەی پشتڕاستکردەوە، بەڵام ماوەی بێبەشکردنی لە وەرگرتنی پۆستی گشتی کورتکردەوە، ئەمەش دەرفەتی ئەوەی پێدەدات کە بتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠٢٧دا بکات.
دادگەکە لە هەمان کاتدا سزای توندی بەسەر لۆپێندا سەپاندووە، کە ئەویش بەستنی "پێوەری ئەلیکترۆنییە" بەپێی بڕیارەکە دەبێت لە شەواندا لە ماڵەکەی خۆیدا بمێنێتەوە و جێگۆڕکێ نەکات.
ئەم مەرجەش ڕێوشوێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ لۆپێن و حیزبی "کۆبوونەوەی نیشتمانی" (RN) ئاڵۆز دەکات.

کاردانەوەی لۆپێن و ئۆپۆزسیۆنی چەپ
مارین لۆپێن پێشتر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو: "ئەگەر بڕیارەکە ڕێگەم پێبدات ببمە بەربژێر، بەڵام ڕێگری لە ئازادیی جووڵەم بکات بۆ بانگەشە، ئەوا مەحاڵە بتوانم کێبرکێ بکەم.
من ناتوانم بۆ چوونە بازاڕێک یان گردبوونەوەیەک چاوەڕێی مۆڵەتی دادوەر بم."
پاش بڕیارەکە، لۆپێن و پارێزەرەکانی ڕاستەوخۆ چوونە بارەگای سەرەکی حیزبەکەیان بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە؛
بڕیارە کاتژمێر ٨ی شەو بە کاتی پاریس لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیی ڕاستەوخۆدا بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەر پاشەکشەکردن یان بەردەوامبوونی ڕابگەیێنێت.
ئەگەر ناوبراو نەکشێتەوە، پێشبینی دەکرێت "جۆردان باردێلا"ی جێگری ببێتە بەربژێری حیزبەکە.
لە لایەکی دیکەوە، هێزە ڕاستڕەو و چەپەکانی ئۆپۆزسیۆن هێرشی توندیان کردە سەر لۆپێن. مارین تۆندێلییەر، سەرکردەی پارتی سەوزەکان ڕایگەیاند: "لە جیهانێکی ئاساییدا کە حیزبەکەی لۆپێن خاوەنی تۆسقاڵێک ڕەوشت بێت، دەبوو پاشەکشە بکات؛ چونکە ناکرێت کەسێک سەرکۆنەی بەهەدەردانی سامانی گشتی کرابێت، خۆی بۆ سەرۆکایەتی بپاڵێوێت."
ئەم بڕیارەی دادگە لە کاتێکدایە کە کەمتر لە ساڵێک بۆ کۆتاییهاتنی خولی سەرۆکایەتیی ئیمانوێل ماکرۆن ماوە و حیزبی ڕاستڕەوی توندڕەوی فەرەنسا (RN) لە ئێستادا بەپێی ڕاپرسییەکان لە پێشەنگی پارتە ڕکابەرەکاندایە.

مێژووی سیاسیی لۆپێن
مارین لۆپێن ١٥ ساڵ لەمەوبەر بووە جێگرەوەی باوکی (ژان ماری لۆپێن) و سەرکردایەتیی ئەم حیزبە ڕاستڕەوە توندڕەوەی گرتە دەست.
ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٤ وەک ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا هەڵبژێردرا و بۆ ماوەی ١٣ ساڵ ئەو کورسییەی لەدەستدا بوو، کە تێیدا پەرەی بە بیرۆکە دژە کۆچبەر و دژە یەکێتیی ئەورووپاکانی حیزبەکەی دا.
حیزبی کۆبوونی نیشتمانی (RN) بە توندی دژی کۆچی بەکۆمەڵ، "ئیسلامیکردنی" ژیانی فەرەنسییەکان و سیستمی دارایی جیهانییە؛
ئەوان داوا دەکەن لە پێدانی هەلی کار، نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا، ئەولەویەتی ڕەها بدرێتە هاووڵاتیانی فەرەنسا نەک کۆچبەران.
