رێکار و ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا بە تەواوی کۆتایییان هاتووە. بەم بۆنەیەشەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا، سبەی چوارشەممە لە تەواوی وڵاتدا بکرێتە پشووی فەرمی.
بەگوێرەی پلانەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە رێوڕەسمەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف و بە ئامادەبوونی شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێدەکات. جێی بیرهێنانەوەیە، عەلی خامنەیی، ڕۆژی 28ی شوباتی 2026 لە بۆردوومانێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر نووسینگەکەی لە تاران کوژرا.
رێوڕەسمەکە لە شاری نەجەف لە پردی سەدرەینەوە بەرەو مەزارگەی ئیمام عەلی بە درێژایی شەش کیلۆمەتر بەڕێوەدەچێت و 351 کەژاوە تێیدا بەشدار دەبن. درێژیی ڕێڕەوی رێوڕەسمەکە لە کەربەلا 5.8 کیلۆمەتر دەبێت. کۆی گشتیی ئەو کەژاوانەی لە هەردوو پارێزگاکەدا بەشدار دەبن دەگاتە 751 کەژاوە.
پێشبینی دەکرێت نزیکەی 3000 میدیاکاری عێراقی و بیانی رووماڵی رێوڕەسمەکە بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش 23 ناوەندی پەخشی راستەوخۆ دابین کراون. 150 ئەمبووڵانسیش لە چوارچێوەی ئامادەکارییە تەندروستییەکاندا لە نەجەف و کەربەلا جێگیر کراون.
یوسف گەناوی، پارێزگاری نەجەف ڕایگەیاند، پارێزگاکەیان بە تەواوی ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە جەماوەری بەشداربوو و جەختی کردەوە، نەجەف توانای ڕێکخستنی گەورەترین رێوڕەسمی لەم شێوەیەی هەیە.
عەلی مەیالی، جێگری پارێزگاری کەربەلا لە لێدوانێکدا گوتی: "تەرمەکە بۆ زیارەتی ئیمام حوسێن و ئیمام عەلی دەهێندرێ و دواتر دەگەڕێندرێتەوە. تەرمەکە پێشوازیی جەماوەری لێدەکرێ، چونکە عەلی خامنەیی رێبەر بوو و شوێنکەوتووی هەیە. شوێنکەوتووانی شیعەش بە سنوورەکانەوە نەبەستراونەتەوە". بە گوتەی جێگری پارێزگاری کەربەلا، دوای ڕێوڕەسمە فەرمی و پڕۆتۆکۆڵییەکان لە فڕۆکەخانەی نەجەف، تەرمەکە بۆ بەخاکسپاردن دەگەڕێندرێتەوە بۆ شاری مەشهەد.
عەلی ئەکبەر پوورجەمشیدیان، سکرتێری لیژنەی تایبەتی ماڵئاواییکردن و بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی ڕوونکردنەوەی دا کە تەرمەکە ئێوارەی سێشەممە بە فڕۆکە دەگاتە نەجەف، و ڕۆژی چوارشەممە دەبرێتە مەزارگەی ئیمام عەلی لە نەجەف و پاشان مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا.
محەممەدکازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، و ئاژانسی نیمچە فەرمی میهر ئاشکرایان کردووە، شاندێکی باڵای ئێران بەشداری ڕێوڕەسمەکە دەکەن، کە پێکهاتوون لە مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و مستەفا خامنەیی کوڕە گەورەکەی عەلی خامنەیی. شاندەکە هاوڕێیەتی تەرمی عەلی خامنەیی و چوار لە ئەندامانی خێزانەکەی دەکەن.
بە گوێرەی خشتەی ڕاگەیەندراو، ڕۆژی پێنجشەممە 9ی تەممووز، تەرمەکە دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئێران و لە شاری مەشهەد بە خاک دەسپێردرێت. بەرپرسانی ئێران بەرنامەیەکی یەک هەفتەیییان بۆ ئەم پرۆسەیە داناوە و پێشبینی بەشداریی ملیۆنان کەس دەکەن.