دوای وێرانکردن و تاڵانکردنی ماڵەکانیان، سوپای تورکیا بە چەند مەرجێکی توند ڕێگە بە گەڕانەوەی دانیشتووانی نۆ گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەدات، کە زیاتر لە شەش ساڵە بەهۆی شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە ئاوارە بوون.
کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی بە نووچە تیڤی ڕایگەیاند، نزیکەی مانگێکە دانیشتووانی 21 گوندی سنووری زاخۆ هەوڵ دەدەن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، کە لە ساڵی 2020ـەوە بەهۆی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیاوە چۆڵیان کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ڕێکخراوە، ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی 2026 و دوای فشاری زۆری گوندنشینان، سوپای تورکیا دواجار ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر گەڕانەوەی دانیشتووانی گوندەکانی (بازنگیرا، گوندۆک، گەورک، کڕکڕانک، پەترۆمە، کەلۆک، مارسیس، ئەلانش و ئێرێ) لە گەلی پساغا، بەڵام بەسەپاندنی شەش مەرجی توند کە ئازادیی هاتوچۆیان بە تەواوی سنووردار دەکات.
مەرجەکانی سوپای تورکیا بۆ گوندنشینان:
- دیاریکردنی کاتی هاتوچۆ: گوندنشینان تەنیا لە کاتژمێر 6:00ـی بەیانی تاوەکو 7:00ـی ئێوارە ڕێگەیان پێدەدرێت لە گوندەکانیاندا بمێننەوە، و دوای ئەو کاتە مانەوە قەدەغەیە.
- قەدەغەکردنی چەک: بردنەژوورەوەی هەر جۆرە چەکێک، تەنانەت چەکی ڕاو و ئامێری بڕەریش بۆ ناو گوندەکان بە تەواوی قەدەغەیە.
- سنووردارکردنی خۆراک: هاووڵاتییان تەنیا ڕێگەیان پێدەدرێت بەشی یەک ڕۆژ خواردن لەگەڵ خۆیان بەرن و بردنی خۆراکی زیادە قەدەغەیە.
- پشکنینی ناسنامە: لە کاتی تێپەڕبوون بە بازگەکانی سوپای تورکیادا، ناسنامەی سەرجەم سەرنشینان وەردەگیرێت و زانیارییە کەسییەکانیان تۆمار دەکرێت.
- بەرپرسیارێتیی شۆفێران: شۆفێری ئۆتۆمبێلەکان ڕاستەوخۆ بەرپرسیار دەکرێن لە گەڕانەوەی تەواوی ئەو سەرنشینانەی بردوویاننەتە ناو گوندەکە؛ لە ئەگەری نەگەڕانەوەی هەر کەسێک لە ئێوارەدا، شۆفێرەکە لەلایەن سوپای تورکیاوە دەستگیر دەکرێت.
- پشکنینی پاشخانی ئەمنی: سەربازانی تورکیا لە ڕێگەی تۆماری دیجیتاڵییەوە پشکنین بۆ پاشخانی ئەمنی گوندنشینان دەکەن؛ ئەگەر دەرکەوێت لە ڕابردوودا هاوکاریی گەریلایان کردووە، دەستبەجێ دەستگیر دەکرێن.