شەیما زەهاوی، کچە دیزاینەری کوردی نیشتەجێی ئەڵمانیا، لە نمایشێکی نێودەوڵەتیی جل و بەرگدا لە شاری بەرلین، بە پیشاندانی کۆمەڵێک جلی ڕەسەنی کوردی کە بە شێوازێکی مۆدێرن دیزاینی کردبوون، سەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشا و پێشوازییەکی گەرم لە کارەکانی کرا.
شەیما حوسێن جەمال، کە خاوەنی براندی تایبەتیی "Şeyma Zehawi"یە ڕایگەیاند؛ وەک نوێنەری ئەڵمانیا و کوردستان لەو چالاکییە نێودەوڵەتییەی فاشن کە لە مەیدانی بەناوبانگی "ئەلێکساندەرپلاتز" لە بەرلین بەڕێوەچوو، بەشدار بووە.
لەو نمایشەدا، نۆ دیزاینەری نێودەوڵەتی لە نۆ وڵاتی جیاوازەوە کارەکانیان پێشکەش کرد.
"دیزاینەکانمان سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا"
ئەم نمایشە ئێوارەی ڕۆژی شەممە (4ـی تەممووزی 2026) بەڕێوەچوو.
شەیما لەسەر دەنگدانەوەی کارەکانی گوتی: "ئامادەبووان، مۆدێلەکان و تەنانەت دیزاینەرەکانی دیکەش زۆر سەرسام بوون بە شێوازی جلی کوردی. پێشوازییەکی یەکجار گەرمیان لێکردم و ئارەزووی خۆیان نیشاندا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کاروپرۆژەی هاوبەش ئەنجام بدەین."
ئەو کچە دیزاینەرە کوردە ئاشکراشی کرد کە هەر لە کاتی بەڕێوەچوونی نمایشەکەدا، لەلایەن دوو وڵاتی جیاوازەوە داوەتنامەی فەرمی پێشکەش کراوە بۆ ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوودا، بەشداری لە نمایشە نێودەوڵەتییەکانی ئەوانیشدا بکات.
شەیما زەهاوی کێیە؟
لەدایکبوون و کۆچ: شەیما زەهاوی لە شاری خانەقینی باشووری کوردستان لەدایکبووە، و لە ساڵی 2006ـەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە.
خولیای منداڵی: لە منداڵییەوە خولیایەکی زۆری بۆ کاری وێنەکێشان هەبووە، دواتر ئەم بەھرەیەی گۆڕیوە بۆ پیشەی دیزاینکردنی جلی کوردی و ئێستا سەرچاوەی سەرەکیی داهاتیەتی.
داواکاری و نرخەکان: شەیما کارەکانی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاودەکاتەوە؛ ئاماژە بەوە دەکات کە گرانبەهاترین جلی کوردی کە دیزاینی کردبێت نرخەکەی 200 یۆرۆ بووە.
شێوازی دڵخواز: بە گوتەی خۆی، جلی کوردیی شێوازی "سۆرانی" بۆ خانمان پڕداواکاریترین مۆدێلیەتی، و کڕیارەکانیشی تەنیا لە باشووری کوردستانەوە نین، بەڵکو لە سەرجەم پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە داواکاریی جلی پێشکەش دەکەن.