قایمقامی قەزای خانەقین ڕایگەیاند، دواى هەشت مانگ لە داخستنى، بازگەی باوە مەحمود لەسنورى قەزای خانەقین بەڕووی شۆفێرانی بارهەڵگردا کرایەوە.
جەواد فەیزوڵا، قایمقامی قەزای خانەقین لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا گوتی، کردنەوەى دەروازەکە بە لێکتێگەشتن و هەماهەنگی نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ بووە و لە ئەمڕۆوە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەماوەی هەشت مانگى ڕابردوودا ڕێگریی کراوە سەدان بار بەرهەمی کشتوکاڵی لە کەلارەوە بە بازگەی باوە مەحمود دا لە سنوری خانەقینەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق تێپەڕببێت، ئەوەش جوڵەی بازرگانیی عەلوەی کەلارى سستکردووە.
پێشتر ڕۆژانە 650 بۆ 700 بار لەنێوان عەلوەی کەلار و ناوچەکانی خوارووی عێراق ئاڵۆگۆڕدەکران، بەڵام لە ماوەى هەشت مانگى ڕابردوودا، بەپاساوی ئەوەی گوایە بارەکان هاوردەکراوی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، ڕێگە نەدەدرا بارەکان بچنە ئەودیو بازگەی باوە مەحمودەوە.