بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕووداوی هاتوچۆکەی کەرکووک گیانیان لەدەستدا ڕووی لە زیادبوون کردووە و دۆخی تەندروستیی بەشێک لە بریندارەکانیش هێشتا ناجێگیرە.
ئاماری قوربانییانی ڕووداوەکەی ئێوارەی دوێنێی کەرکوک لە بەرزبوونەوەدایە و بە گوێرەی زانیارییەکانی نوچە تی ڤی ئەمڕۆ ژمارەی گیانلەدەستدان لە شەش کەسەوە بۆ حەوت کەس بەرزبووەتەوە.
هاوکات برینی سێ لە بریندارەکانیش سەختە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
لە بارەی زیانە ماددییەکانیشەوە عەمید محەممەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوک ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕووداوەکەدا 35 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتوە.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاشکرایان کردووە، بارهەڵگرەکە برێکی نەماوە و شۆفێرەکەش نەیتوانیوە ئۆتۆمبێلەکەی کۆنترۆڵ بکات. ئەمە لە حاڵەتێکدابووە، خێرایی بارهەڵگرەکە سەروو 160 کیلۆمەتر لە ساعەتێکدا بووە.
ڕۆژی ڕابردوو لە ئەنجامی ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ لە کەرکوک، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی کێشا بە دەیان ئۆتۆمبێلی سەر شەقامەکە. لە ڕووداوەکەدا نزیکەی 30 کەس بوونە قوربانیی بەوهۆیەشەوە ئەمڕۆ لە کەرکوک ماتەمینی گشتیی ڕاگەیەندرا.