بەهۆی جیاوازیی نێوان پڕۆگرامی خوێندنی پێشوو و ئەو سیستمەی ئێستا لە عەفرین پەیڕەو دەکرێت، هەزاران خوێندکاری گەڕاوە ڕووبەڕووی مەترسیی دابڕان لە خوێندن بوونەتەوە و تا ئێستاش هیچ چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە نەدۆزراوەتەوە.
ئەو خوێندکارانەی لە ئەم دواییانەدا لە گەڵ خێزانەکانیان گەڕاونەتەوە عەفرین، بەهۆی جیاوازیی نێوان پرۆگرامەکانی خوێندنی بەڕێوەبەریی خۆسەر و ئەو سیستمەی ئێستا لە ناوچەکەدا پەیڕەو دەکرێت، لە پرۆسەی پەروەردە دابڕاون.
دوای گەڕانەوەی سێ کاروانی ئاوارەکان، چارەنووسی خوێندنی هەزاران خوێندکار بووەتە کێشەیەکی چارەسەر نەکراو.
مامۆستایەک لە شاری عەفرین کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاندووە، بەشێکی زۆری خوێندکارە گەڕاوەکان لە قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەییدا تۆمار نەکراون. ئەو مامۆستایە هۆکاری ئەم دۆخەی بۆ نەبوونی هیچ پلانێکی کارگێڕی و پەروەردەیی بۆ گونجاندن و تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ سیستمی نوێدا گەڕاندووەتەوە.
هەروەها خوێندکارێکی پۆلی 11ـی ئامادەیی ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی سەختیی تێگەیشتن لە پرۆگرامە نوێیەکان، ناچار بووە بە یەکجاری واز لە خوێندن بهێنێت.