تایب تەمەل، جێگری هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەپ پارتی)، وەڵامی لێدوانەکانی ڕۆژنامەنووس دەنیز زەیڕەکی دایەوە دەربارەی ئەوەی، کە دانپێدانانی مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ کوردان ڕەنگە ببێتە هۆی داواکاری بۆ بوونی کوردی بە زمانی فەرمی.
تایب تەمەل ڕایگەیاند: "ئێمە هاوڵاتیی ئەم وڵاتەین، داوای یەکسانی دەکەین نەوەک دەستکەوت. داوای زمانی دایکمان دەکەین و نکۆڵی لە زمانی کەسی تر ناکەین، داوای ماف دەکەین و مافی کەسمان ناوێت".
پێشتر دەنیز زەیڕەک لە لێدوانێکدا لەبارەی قسەکانی نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەربارەی پێکەوەبوونی تورک و کورد، ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەگەر باسی یەکسانی دەکرێت دەبێت لە بنەمای خوێندن بە زمانی دایکدا ڕەنگ بداتەوە، بەڵام هاوکات پرسیاری ئاراستە کردبوون، کە ئەگەر دەستوور هەموار بکرێتەوە و مافی خوێندن بە زمانی دایک بدرێت، بەیانی داوای ئەوە دەکرێت کوردی ببێتە زمانی فەرمی.
لە بەرامبەردا، تایب تەمەل لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڕوونی کردەوە، هیچ کەسێک دژی فێربوونی زمانی تورکی یان زمانی هاوبەشی هاوڵاتیبوون نییە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی فێربوونی زمانی دایک لەلایەن منداڵێکی کوردەوە تاوەکو ئێستاش وەک هەڕەشە سەیر دەکرێت.
تایب تەمەل جەختی کردەوە، یەکسانی بە «"خۆشمان دەوێن" دروست نابێت، بەڵکو بە دانپێنانی یاسایی بە ماف و ناسنامەکاندا دەبێت، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، یەکێتیی ڕاستەقینە لە ڕێگەی قبووڵکردنی یەکسانییەوە بەدی دێت نەک نکۆڵیکردن لە جیاوازییەکان.