ژیانی دوو گەنجی کوردی پەیڕەوی ئاینی یارسان لە شاری کرماشان، بەهۆی سەپاندنی تۆمەتی ئەمنی لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە ژێر مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەداندان.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەبارەی دۆخی ئەو دوو گەنجەوە ڕایانگەیاند، مەترسیی لەسێدارەدان بە شێوەیەکی جددی ژیانی سەجاد وەیسی و شایان وەیسی خستووەتە مەترسییەوە. دەزگای دادوەریی ئێران پاش چوار مانگ لە بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدانی ئەم دوو گەنجە لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان، لە ژێر فشاری دانپێدانانی زۆرەملێدا تۆمەتی (موحاربە) و (دژایەتیکردنی خودا)ی بەسەردا سەپاندوون و دۆسیەکەیانی ڕەوانەی دادگای شۆڕش کردووە.
سەبارەت بە کات و شوێنی دەستبەسەرکردنیان، سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردووە، شایان وەیسی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی زستانی ڕابردوودا دەستبەسەر کراوە، هەروەها سەجاد وەیسی لە 22ـی شوباتی ئەمساڵدا لە ڕێگەی سەرپێڵی زەهاوەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە.
جێی ئاماژەیە، دۆخی سەرکوتکردنی ئەم بنەماڵەیە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، دوو برای سەجاد وەیسی بە ناوەکانی مەیسەم وایسی و موجتەبا وایسی لە ناوچەی داڵاهۆ لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە درانە بەر دەستڕێژی گولە و دەستبەجێ گیانیان لەدەست دا.